29/09/2026
بۆ خزمەتکردنی کەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە شوێنی پارکینگ و کارئاسانیی تایبەتی دابین کرد
لە چوارچێوەی هەنگاوە مرۆڤدۆستانەکان و لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئاسانکاری لە ڕاییکردنی مامەڵە و کاروباری ڕۆژانەیان، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە هەستا بە دابینکردنی شوێنێکی تایبەتی پارکینگ و هێڵکاریکردن بۆ ئۆتۆمبێلی سەردانیکەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە بەردەم بارەگای بەڕێوەبەرایەتییەکەدا.
ئەم هەنگاوە ئامانج لێیەتی تاوەکو شۆفێران و سەردانیکەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە نزیکترین شوێن لە دەرگای چووەژوورەوە، ئۆتۆمبێلەکانیان ڕابگرن و بەبێ هیچ سەختییەک سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن. هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیمان ئاسانکاری تەواویان بۆ دابین دەکات لە ڕێگەی تیمی پاسەوان و کارمەندانییەوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان بە خێراترین شێوە.
لای خۆیەوە، سەرۆکی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجەی کرد بۆ ئەم کارە مرۆڤدۆستانە و گرنگە لە خزمەتکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە
بەشی ڕاگەیاندن و هۆشیاری
٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٦